ئەو كاتەی محەممەد كاسبی دەكرد، كوڕە عاقڵ و باشەكەی باوكی بوو، بەڵام كە ئۆتۆمبێل لێیدا و باری دەروونی تێكچوو، ئیدی محەممەد چیتر ئەو كوڕە باشەی باوكی نەما و لە ماڵ دەركرا و، ئێستا مزگەوت بووەتە ماڵی محەممەد.
محەممەد رەسوڵ، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵە و دانیشتووی رانیەیە، پێنج ساڵ لەمەوبەر بەهۆی رووداوی هاتووچۆ چاوەكانی لەدەستدان و باری دەروونیشی بەرەو خراپی رۆیشت . دواتر لەلایەن كەسوكارییەوە دەركراو ئێستا خەڵك هاوكاری محەممەد دەكات.
ئەو گەنجە لەسەر زاری خۆی باسی نەهامەتییەكانی ژیانی خۆی كردو گوتی "پێنج ساڵ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلێكی لاندگرۆزەر لێیدام، پێش ئە و كاتە رۆژانە كاسبیم دەكرد و ئێواران پارەكەم دەدایە باوكم ئەویش دەستی بۆ بەسینگەوە دەنام، بەڵام لەو كاتەوە كە ئۆتۆمبێل لێیدام، لەماڵەوە دەریان كردم بێ ئەوەی هۆكارەكەی بزانم".







